خاڵی فیشخابوور کۆیان دەکاتەوە

عێراق بەبێ هەرێمیش نەوت بۆ توركیا هەناردە بکات هەر پێویستی بە هەرێمی کوردستان دەبێت

964+

فەرهاد حەسەن

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بەبێ هەرێمی کوردستان نەوت بۆ توركیا هەناردە دەكەن بۆ ئەمەش کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێڵە کۆنەکەی بۆریە نەوتەکەی کەرکوک دەکات، بەلام بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی کە بۆرییەکەی پێدادەڕوات دیسانەکە بەغدا پێویستی بە هەرێمی کوردستن دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “رۆیتەرز” حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاندوە، عێراق کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێڵە کۆنەکەی بۆری دەکات کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بە هێڵی سەرەکی هەناردەکردنەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی دەبەستێتەوە، بەبێ ئەوەی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت.

هێڵی بۆری عێراق – تورکیا توانای 250 هەزار بەرمیلی هەیە، ئێستا لە قۆناغی پشکنین و نۆژەنکردنەوەی کۆتاییدایە”.

دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت رەتدەکاتەوە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم چەندین مەرجی داناوە کە پەیوەندییان بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە.

ئەوە هێڵەی كە عێراق بەنیازە نەوتی لێوە هەناردە بكات، هێڵێكی كۆنی سەردەمی بەعسە و بە “ئیتیحاد” ناسراوە، كە لە كەركوكەوە دەسپێدەكات و بە پارێزگای سەڵاحەدین و موسڵدا تێدەپڕێت تاكو دەگاتە خاڵی سنوری “فیشخاپور”.

هەرچەندە ئەو هێڵە بەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا تێناپەڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق سنوری لەگەڵ توركیا نیە، بۆیە دوا خاڵی هێڵەكە دەگاتە ناوچەی “فیشخاپور” بۆ ئەوەی بچێتە ناو خاکی تورکیاوە، كە ئەو شوێنەش خاكی هەرێمە و پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنی و هونەریی هەیە لەگەڵ هەرێم.