پرسی هەناردەی نەوت لە رێگای تورکیاوە

وەزیری سامانە سروشتییەکانی کوردستان میوانداریی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بانگهێشتی هەریەکە لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق و هەروەها بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بۆ ئەوەی لە بارەی ئالیەتی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا گفتوگۆ بکەن

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 15.3.2026 بڵاویکردەوە، “پەرلەمان بڕیاریداوە میوانداری جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات”.

ئاماژەی بەوەداوە، میواندارییەکە شەوی سێشەممە کاتژمێر 9:00 دەبێت و تێیدا

تیشک دەخرێتە سەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا”.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان رەتیکردووەتەوە نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی کوردستانەوە رەوانەی تورکیا بکات، بەڵام وەزارەتەکەی کوردستان دوای ئەوەی بە راگەیاندراوێک روونکردنەوەی پێویستی بڵاوکردەوە و زانیارییەکانی هاوتا عێراقییەکەی بە تۆمەت وەسف کرد، لە هەمان کاتدا ئامادەییان بۆ گفتوگۆ پێشان دا.

عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە لە لایەن ئێران، کێشەی بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ دروست بووە و دەیەوێت لە رێگەی کوردستان و بەندەری جەیهانی تورکیاوە رەوانەی دەرەوە بکات.

"له‌ پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌غدا بابه‌ته‌كه‌ی شێواندووه‌"