لە زاخۆ
لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا کەسێک گیانی لەدەستدا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە رووداوەکی ئاگرکەوتنەوەدا لە زاخۆ کەسێک گیانی لەدەستدا و تا ئێستاش هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە نەزانراوە.
دوای نیوەرۆی ئەمرۆ هەینی 13.3.2026 لە گەڕەکی ئاشی چەم لە زاخۆ ئاگر لەناو ماڵێک کەوتەوە و دوای نزیکەی سێ کاتژمێر و بەدیاریکراوی لە کاتژمێر 5ـی ئێوارەدا تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگادارکراونەتەوە و چوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە تەرمی پیاوێکی تەمەن 70 ساڵ لەناو ماڵەکەدا دۆزراوەتەوە و تیمی بەڵگەی تاوان لەئێستادا سەرقاڵی هۆکاری گیانلەدەستدانی پیاوەکەن.
جەمال هەسن بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئەو پیاوە خێزاندارە و ژن و منداڵی هەیە، بەتەنیا لە ماڵەوە بووە و ئەو رووداوەی بەسەرهاتووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی پیاوەکە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە و پۆلیس بەدواداچوونی دەستپێکردووە بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و گیانلەدەستدانی پیاوەکە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری