جەنگەکە هۆکارە
نرخى نەوت لەسەروو 100 دۆلارە
964+
وریا فەتاح
جەنگەکە بەردەوامە و نرخى نەوتیش بەردەوامە لە بەرزبوونەوەو لەسەرووى 100 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینى نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 100 دۆلار و 05 سەنت، مامەڵەى پێوە دەکرێت، هاوکات نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس بە 95 دۆلار و 21 سەنتە.
بەرزى نرخى نەوت لە کاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند کە 32 وڵاتی ئەندامەکەی بە کۆی دەنگ رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خۆیان، کە گەورەترین ئازادکردنی لەو جۆرەیە لە مێژووی خۆیدا.
ئەمەش شەشەمجارە کە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هەماهەنگی بکات بۆ ئازادکردنی نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکانی لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1974ەوە.
ئەندامانی ئاژانسەکە زیاتر لە یەک ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل لە کۆگای فریاگوزاریدا هەڵدەگرن، ئەمە جگە لەوەی 600 ملیۆن بەرمیل لەلایەن کۆمپانیاکانی ژێر بۆندەکانی حکومەتەوە لەبەردەستدایە.
وەزارەتی وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەنیازە لە هەفتەی داهاتووەوە وردە وردە 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژی خۆی ئازاد بکات، چونکە بازاڕی نەوت بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تووشی گێژاو بووە.