لە هێرشێکى درۆنیى دا

ژمارەیەک سەربازى ئەمریکى لە هەولێر بریندار بوون

964+

وریا فەتاح

جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناو خاکی عێراق، دوێنێ شەو دوو درۆنی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی بنکەی هاوپەیمانان کرابوون.

وەک ئەوەى وەزیری بەرگری و فەرماندە سەربازییەکانی بەریتانیا ئاماژەیان پێکردووە، ژمارەیەک درۆن بەر بنکەی سەربازی هاوپەیمانان لە هەولێر کەوتوون، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازێکی ئەمریکی بریندار بوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر سەربازە بەریتانییەکان نەکەوتووە.

لاى خۆیەوە، گای فۆدن فەرماندەی هێزەکانی بەریتانیایە لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان لە ناو بنکەی هەولێر هاوکاری پاراستنی بنکەکەیان کردووە و توانیویانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان  تێکبشکێنن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان.

وەک باسى دەکات، جگە لە هەولێر، بنکەیەکی تری هاوپەیمانان لە بەغدای پایتەخت لە شەوی چوارشەممەدا چەند جارێک کراوەتە ئامانج.

روسیا لە پشت تەکتیکى هێرشە درۆنییەکانە؟

لیژنەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەریتانیا دەڵێت نیشانەی روون هەن کە رووسیا و ئێران لە تەکنیکی بەکارهێنانی درۆنەکاندا هاوکاریی یەکتر دەکەن. وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند: “دەستی شاراوەی پوتین لە پشت هەندێک لە تاکتیکەکانی ئێرانەوەیە.”

بەڵام، دوو رۆژ لەمەولەر، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین باسیان لە هاوکارییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران کردووە و رووسیا رەتیکردووەتەوە زانیاریی هەواڵگری لەسەر جووڵەی سەربازیی ئەمریکا دابێتە ئێران.

ئاشکراشى کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا لە ماوەی 13 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 300 کاتژمێر فڕینیان لە ئاسمانی ئوردن، ئیمارات، قەتەر و قوبرس ئەنجامداوە بۆ پاراستنی ناوچەکە.

وەزیری بەرگری بەریتانیا جەختی کردەوە کە پوتین “تاکە رێبەری جیهانە” کە لەم جەنگە سوودمەند بێت، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یارمەتی دارایی سوپاکەی دەدات لە جەنگی ئۆکرانیادا.