کەرکوک
سێ درۆنى خۆکوژ تێکشکێندران
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێ درۆنی خۆکوژ لە سێ گوندی جیاوازی سنووری قەزای دووبز لە رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک کەوتنە خوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی سوپای عێراق، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە هەواڵگریی سوپای عێراق سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە بە 964ـى رایگەیاند؛ سەرەتا درۆنێکی خۆکوژ لە گوندی “داود گورکە” کەوتووەتە خوارەوە کە هیچ زیانێکی نەبووە. ئەو گوندە تەنیا وێستگەیەکی نەوتی تێدایە کە نەوت ئاراستەی کێڵگەی نەوتی بای حەسەن دەکات.
بە وتەى سەرچاوەکە، درۆنی دووەم لە نزیک بەرزاییەکانی گوندی “قەرەدەرە” لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە پێش پێکانی ئامانجەکەی تێکشکێنراوە، بەبێ ئەوەی هیچ زەرەر و زیانێکی بەدوادا بێت. هەروەها درۆنی سێیەمیش لە گوندی “توێلعە” کەوتووەتە خوارەوە و ئەویش بێ زیان بووە.
جێی باسە، گوندی توێلعە دوو رۆژ لەمەوبەر بەهۆی بوونی بارەگای لیوای 40ـی سەر بە (کەتائیب ئیمام عەلی) کرابووە ئامانجی بۆردومانێک، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتبووەوە.
سەرچاوەکەی هەواڵگریی سوپا ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەرپرسانی سەربازیی سوپا لە سنووری قەزای دووبز و قەزای مەخموور سەرسوڕمانی خۆیان دەردەبڕن و دەپرسن: “بۆچی سوپای عێراق دەکرێتە ئامانج و بۆردومان دەکرێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح