سوپای پاسداران:

ئامادەبن نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 200 دۆلار

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بووە و ئەمریکایان بە هۆکاری ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە زانی.

ئیبراهیم زۆلفەقاری، وتەبێژی بارەگای سەربازی خاتەم ئەلئەنبیا سەر بە سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا کە ئاراستەی واشنتۆنی کرد ، وتی: ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 200 دۆلار، چونکە نرخی نەوت پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە، کە ئێوە ناسەقامگیریتان کردووە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر پەرەی سەندووە و هێرشەکان زیاتر بوون بۆ سەر یەکتر، بە تایبەتیش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بانکێکی ئێرانی.

تاران رایگەیاندووە دەست دەکات بە بەئامانجگرتنی ئەو بانکانەی کە بازرگانی لەگەڵ واشنتۆن یان تەلئەبیب دەکەن و داوای لە خەڵکی سڤیل کرد کە لانیکەم هەزار مەتر لە بانکەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بکەونەوە.

هاوکات دەزگاکانی چاودێریی ئاسایشی دەریایی رایانگەیاندووە کە سێ کەشتی بازرگانی لە کەنداوی عەرەبی لەلایەن موشەکێکی نەناسراوەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەشتییانەی کە لە سەرەتای شەڕەکەوە کراونەتە ئامانج، گەیشتووەتە 14 کەشتی، یەکێک لە هێرشەکان بووە هۆی چۆڵکردنی تیمی کەشتییەکی بارهەڵگر، کە ئاڵای تایلەندی بەسەرەوە بوو، دوای ئەوەی ئاگر لە کەشتییەکە کەوتەوە دوای تەقینەوەیەک.

هەروەها کەشتییەکی کۆنتێنەر کە ئاڵای ژاپۆنی لەسەر بوو، یەکی دیکەش کە ئاڵای دوورگەکانی مارشالی هەڵدابوو، بە ئاستی جیاواز زیانیان بەرکەوت.

ئێستاش سەرەڕای ئەو گرژییانە، هێشتا نرخی نەوت پاشەکشەی کردووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لە خوار 90 دۆلارەوە جێگیر بووەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەبەرهێنەران گرەو لەسەر ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندن و کردنەوەی رێڕەوی کەشتیوانی گرنگ دەکەن، پێش ئەوەی قەیرانی دابینکردنی سووتەمەنی هەڕەشە لە ئابووری جیهانی بکات.

نرخی نەوت داڕما؛ هاتەوە خوار 100 دۆلار

نرخی نەوت داڕما؛ هاتەوە خوار 100 دۆلار