بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
"دەتوانن چارەنووسی خۆتان بگرنەدەست"
نەتەنیاهۆ داوا لە سوپای پاسداران و حزبوڵا دەکات چەک دابنێن
964+
شۆڕش قادری
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای خۆبەدەستەوەدانی سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارانی حزبوڵا دەکات و دەڵێت، ئەگەر چەک دابنێن، پارێزراو دەبن.
کەمێک پێش ئێستا بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێرانیان کردووە و بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی هەنگاو دەنێن.
وتیشی، “بە حزبوڵڵا دەڵێین، هەرکەسێکیان چەک دابنێت، ژیانی پارێزراو دەبێت، هەرکەسیش نەیکات، خوێنی بەفیڕۆ دەچێت، ئەو ئەندامانەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش، ئەگەر چەکەکانیان دابنێن زیانیان پێ ناگات”.
دووپاتیشیکردەوە، خامنەیی و دەیان سەرکردەی دیکەیان لەناو بردووە و سەکۆکانی موشەک و درۆنی ئێرانیان تێکشکاندووە، سوپای پاسدارانیش کە خۆپیشاندەران لە ئێران دەکوژێت، لە لیستی ئامانجەکانیان دایە.
نەتەنیاهۆ روو لە گەلی ئێران وتی، “قۆناغی راستی نزیک بووەتەوە و دەتوانن چارەنووسی خۆتان بگرنەدەست، ئێمەش خەریکی گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین”.