وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
گشتاندنی هەیە
چوار رێنمایی لە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە؛ مەبنە ئامڕازی نەیاران
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی رۆشنبیری، گشتاندنێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم میدیا بینراو و بیسراوەکان کرد و دەربارەی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ناوچەکە زنجیرەیەک ڕێنمایی و هۆشداری بڵاوکردەوە.
یەکێک لە رێنماییەکان دەڵێ، پێویستە میدیاکان دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت یان گومان لەسەر سەقامگیرییەکەی دروست بکات.
لە گشتاندنەکەدا کە واژۆی شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی لەسەرە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی ئەو دۆخە نالەبار و ئاڵۆزییانەی جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەرکی میدیاکانە لەسەر بنەمای “بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقی” کار بکەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری چەند خاڵێکی وەک هۆشداری ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1. دوورکەوتنەوە لە هەواڵ دژی قەوارەی هەرێم: پێویستە میدیاکان دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت یان گومان لەسەر سەقامگیرییەکەی دروست بکات.
2. قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ترس: هۆشداری دراوە کە نابێت وێنە و ڤیدیۆی ساختە یان ڕاپۆرتی بێ بنەما بڵاو بکرێنەوە کە ببنە هۆی دروستکردنی ترس، تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیاندا.
3. پاراستنی ئاسایشی ئابووری: جەخت کراوەتەوە کە نابێت میدیاکان ببنە هۆکار بۆ تێکدانی باری ئابووری و شڵەژانی بازاڕ لە کاتی گواستنەوەی ڕووداوەکاندا.
4. نەبوون بە ئامرازی نەیاران: داوا لە میدیاکان کراوە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و جەنگەکان، وریا بن نەبنە سەرچاوەیەک بۆ گواستنەوەی ئەو زانیارییانەی خزمەت بە نەیارانی هەرێمی کوردستان دەکەن.