"بەشی شەش مانگ خۆراک لە کۆگاکان هەیە"
وەزعی بازاڕ ئاساییە و هیچ شتێک گران نەبووە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دوایی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کەمێک قەرەباڵغی دروستبوو، بەڕێوەبەری مارکێتێکی هەولێر دەڵێت، وەزعەکە ئاساییە و هیچ شتێک گران نەبووە.
نوح ساڵح بەڕێوەبەری مارکێتی هەورێ قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، هەرچەندە سەرلە ئێوارە کەمێک مارکێتەکەیان قەرەباڵغ بووە، بەڵام وردە وردە وەزعەکە ئاسایی بووەتەوە و خەڵک بۆ کەلوپەلێکی زۆر پێویست نەبێ ناچنە بازاڕ.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ شتێک گران نەبووە، چونکە لانیکەم بەشی شەش مانگ خۆراک و ئازوقە لە کۆگاکان هەیە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری