8 ساڵە لە کوردستانە
لە سلێمانى بە مەراسیم ماڵئاوایى لە کارمەندێکى بەنگلادیشى کرا
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
کۆمەڵگەی پزیشکیی هانا لە مەراسیمێکی تایبەتدا، رێزی لە کارمەندێکی بەنگلادیشی گرت کە دوای 8 ساڵ مانەوە لە کوردستان، بە مۆڵەت دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
محەمەد موبارەک کە باوکی دوو منداڵە، بە 964ـی راگەیاند، “زۆر بە میواندۆستی و مرۆڤبوونی خەڵکی سلێمانی دڵخۆشم، ئینسانییەت لێرە لە ئاستێکی بەرزدایە و هەمیشە هاوکارییان کردووم.”
موبارەک باس لەوە دەکات کە شەیدای خواردنە کوردییەکانە و دەڵێت: “خواردنی سلێمانی زۆر تایبەتە، بەتایبەت بریانی.” هەروەها ئاشکرای کرد کە بە بڕی 2000 دۆلار دیاریی جۆراوجۆری بۆ خێزان و هاوڕێکانی لە بەنگلادیش کڕیوە.
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی هانا بۆ 964 وتی: “موبارەک دوو ساڵە لای ئێمە خزمەت دەکات، زۆر بەوەفا و دڵسۆز و رۆحسووک بوو. ئێمە وەک خێزانێک مامەڵەمان دەکرد، بۆیە بڕیارماندا بە مەراسیمێکی شایستە و بە پێشکەشکردنی گوڵ ماڵئاوایی لێ بکەین.”
موبارەک گەشت دەکاتەوە بۆ ناو خێزانەکەی، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە لە مانگی 7ـی ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە و دەڵێت: “بیرم هەر لاى سلێمانى دەمێنێتەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح