دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا – وێنە: NBC NEWS
"ئێران پێمل نەبێ شەڕێکی ماڵوێرانکەر یەخەی دەگرێت"
ترەمپ نایەوێ چیتر کات بکوژێت و چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی پێنجشەممە دەکات
964+
شۆڕش قادری
تادێت بۆنی باڕوت و شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە زیاتر نزیکتر دەبێتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت چیتر کات بکوژێت و ئەگەر ئێران پێمل نەبێت، شەڕێکی ماڵوێرانکەر یەخەی دەگرێت.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وردەکاریی ئەو کۆبوونەوە نهێنییانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە “ژووری بارودۆخەکان” لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوون، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە ترەمپ بڕیاریداوە چیتر کات نەکوژێت، یان ئێران بە تەواوی دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکەی دەبێت، یان رووبەڕووی هێرشێکی وێرانکەر دەبێتەوە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی خامنەیی.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجی ئەمجارەی ئەمریکا بارەگاکانی سوپای پاسداران، مووشەکە بالیستییەکان و کێڵگە ئەتۆمییەکانن، بۆیە دانوستانەکانی رۆژی پێنجشەممە وەک “دواین هەوڵ” دەبینرێن؛ ئەگەر تاران مەرجی “سفر پیتاندن” رەتبکاتەوە، تەقە دەستپێدەکات.
ئەمریکا کەشتیگەلێکی زەبەلاح و دەیان فڕۆکەی جەنگیی لە مەودای لێدانی ئێران جێگیر کردووە و جیهان چاوەڕێی ئەنجامی ئەو دانیشتنە دەکات کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە جنێف وەک گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بەڕێوەبچێت.