بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە کوێستانەکانیش بەفر دەبارێت
کەشوهەواى ئەمڕۆ و سبەى
باران و بەفر لەڕێیە؛ هەورە بروسکەى لەگەڵ دەبێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن، بەڵام سبەی سێشەممە شەپۆلێکی “ناسەقامگیر” روو لە هەرێم دەکات و لە بەشێک لە ناوچەکان تاوەباران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئەمڕۆ دووشەممە (23-2-2026) ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان نیمچە هەور دەبێت، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک نمەباران هەیە.
هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ (2 بۆ 4) پلە نزم دەبنەوە.
بەڵام بۆ سبەی سێشەممە (24-2-2026)، کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێتو کاریگەری نزمە پەستانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و بارستە هەوایەکی ساردی باکوور وایکردووە ئاسمان ناسەقامگیر بێت.
وەک ئەوەى کەشناسى پێشبینى کردووە، سبەینێ نمەبارانی جیاجیا دەستپێدەکات و لە شاخە سنوورییەکان بەفر دەبارێت.
روونیشى کردووەتەوە، لە دوای نیوەڕۆی سبەی تاوەکو ئێوارە، شەپۆلەکە بەهێز دەبێت و دەبێتە تاوەباران و بروسکە، بەتایبەت لە سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و سۆران).
هەر باران و بەفر نابێت،بەپێى کەشناسى خێرایی با چالاک دەبێت و لە باشووری رۆژئاوا رەنگە بگاتە سەرووی 25 کم/ک.
پلەکانی گەرما سبەی سێشەممە زیاتر دادەبەزن و بەم شێوەیە دەبن:
گەرمیان: 21 پلە
چەمچەماڵ: 20 پلە
هەولێر: 17 پلە
سلێمانی، زاخۆ و هەڵەبجە: 15 پلە
پیرمام: 15 پلە
دهۆک و سۆران: 14 پلە
حاجی ئۆمەران: 10 پلە