لەلایەن سوپاى عێراقەوە

چیرۆکى هەڵکوتانەسەر خێزانێکى کورى گەڕەکى نەورۆز

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەشێوەیەکى توندوتیژانە، سوپاى عێراق ماڵە کوردێکى گەڕەکى نەورۆزى دەربەدەرکرد و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: ئەوە دەستدرێژییە نەک جێبەجێکردنى یاسا.

شەوکەت رەسوڵ، ئەو هاووڵاتییەی سوپا دەستی بەسەر ماڵەکەیدا گرتووە، چیرۆکەکەی بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان چوین بۆ ماڵی خوشکم بۆ پارشێو، کاتێک گەڕاینەوە بینیمان سوپا لە ناو خانووەکەماندایە. کاتێک لە ژوورەوە دانیشتم، دوای کاتژمێرێک و نیو لێیان دام و بە چەک ژن و منداڵەکەمیان ترساند و فڕێیان داینە دەرەوە.”
دەشڵێت: “ئێستا ژن و منداڵەکانم باری دەروونییان تێکچووە و ماڵەکەمان جێهێشتووە. ئەگەر من زیادەڕۆشم، با بە یاسا دەرم بکەن نەک بە هەڵکوتانە سەر و ترساندن لە ناوەڕاستی شەودا.”

مازن غەریب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کەرکوک، بە 964ـی راگەیاند: “ئەو دیمەنانەی بینیمان زۆر نامەعقوول بوون. کێ قبوڵی دەکات لە مانگی رەمەزان و لە کاتی پارشێودا بەو شێوەیە بچنە سەر ژن و منداڵ؟”
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندی بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکەوە کردووە و فەرماندەکە وتوویەتی: “ئەمە هەڵسوکەوتێکی تاکی ئەو ئەفسەر و سەربازانەیە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان ئاگاداری ئەو جۆرە رەفتارە نییە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح