پۆلیسی هەولێر بڕیاری خۆی داوە
جۆرەکانی “ئوجرەی تەکسی” مشتومڕی دروست کردووە
964 +
عەبدولعەزیز خالند
شۆفێرانی تەکسی تووشی دوودڵیی هاتوون و نازانن کامە جۆری تابلۆی (ئوجرە – الاجرە) لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان دابنێن و تووشی گێچەڵی پۆلیسی هاتۆچۆ نەبن و دیارییش بێت ئۆتۆمبێلەکە تەکسییە.
پەیامنێری 964 لە هەولێر چووەتە بازاڕی جوانکاری ئۆتۆمبێل کە بە کەمالیاتفرۆشەکان ناسراوە و لەوێ ئەو مشتومڕەی چارەسەر کردووە.
ئیبراهیم هادی گەنجێکی دوکانداری بازاڕەکەیە و دەڵێت، چەند جۆرێک تابلۆی ئوجرە هەیە، بەڵام واباشە ئوجرەی گەورە دابنرێت، چونکە باشترە و شەوقی زیاترە و دەردەکەوێت.
هەروەها چەند جۆرێک لەو تابلۆیانە دەخاتەڕوو، کە هەموویان دەشێت بەکار بهێنرێن، بەڵام بەپێی رێنمایی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، كە وتەبێژەکەیان هێمن حەمەدەمین بە 964ی راگەیاندووە، ئوجرە دەبێت تابلۆکە و گڵۆپەکەی زەرد بن، هەروەها لەسەر دەرگای شۆفێر و نزیک دەرگای پشت شۆفێر دابنرێن.
ئیبراهیم هادی دەڵێت، پێم باشە ئوجرەکە لەسەر جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل بێت، بەڵام بڕیاری کۆتای لای پۆلیسی هاتوچۆیە.
لە بارەی نرخەکانیشەوە، گەنجە دوکاندارەکە دەڵێت، چەندین جۆر و قەبارەی ئەو تابلۆیە هەیە و نرخەکانیان لە سێ هەزار دینار دەستپێدەکات تا 15 هەزار دینار.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا