ئێران و ئەمریکا لە جنێف گفتوگۆ دەکەن
جیهان چاوەڕێی ئەو دانیشتنەیە
ئێران و ئەمریکا لە جنێف گفتوگۆ دەکەن
964+
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لە جنێفی پایتەختی سویسڕا بەڕێوەدەچێت.
هاوشێوەی جاری پێشوو ئەم کۆبوونەوەیەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەدەچێت، پێش کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و چەند لایەنێکی دیکە کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە.
گفتوگۆی پێشووی ئەو دوو وڵاتە رۆژی هەینی 6.2.2026 لە عومان بەڕێوەچوو.
پێشتر مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی ئەمریکادایە و ئەوان ئامادەن گفتوگۆ لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە پرسی ئەتۆمی بکەن، بەو مەرجەی لە دانیشتنەکاندا باسی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیان بکرێت.
جیهان چاوەڕێی ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی جنێف دەکات و ئەگەر ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبێت، ئەگەڕی هێرشی دووبارەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەهێز دەبێتەوە.