وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ماركۆ رۆبیۆ
سبەی دانوستانە لە ژنێڤ
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: زەحمەتە لەگەڵ ئێران رێكبكەوین
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کارێکی قورس دەبێت، ئەم قسانەشی رۆژێک پێش دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنە لە سویسرا، كە بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەدەچێت.
مارکۆ رۆبیۆ ئەمڕۆ دووشەممە 16.2.2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە بۆداپێست، وتی، “دوێنێ وتم و ئەمڕۆش دووبارە دەیڵێمەوە، رێککەوتن لەگەڵ ئێران کارێکی قورسە، دەبێت لەوە تێبگەین بڕیارەکانی ئێران لەلایەن پیاوانی ئایینی توندڕەوەوە دەدرێت”.
وتیشی، بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای “ئایدۆلۆژی” دەدەن نەک رەچاوکردنی جیۆپۆلەتیکی.
رۆبیۆ وتیشی، “پێموایە دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی کە چارەسەری نیگەرانییەکانمان بکات، ئێمە زۆر کراوە دەبین بەرامبەر بە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە و پێشوازی لێدەکەین”.
بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا شاندێکی ئێران چوونە جنێف
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەكەی سەرەڕای سەختییەكان هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتن دەدات، ئەمە ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی بۆ دەدات.
بڕیارە سبەی سێشەممە خولی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە شاری ژنێڤی سویسرا بە نێوەندگیری عومان دەستپێبکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرەتای مانگی شوبات لە عومان گەڕی یەکەمی دانوستانەکان بەڕێوەچوو.
کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆک ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارێد کوشنەر راوێژكار و زاوای ترەمپ سەرکردایەتی شاندی ئەمریکی دەكەن بۆ بەشداریكردن لە دانوستانەکان.
لای خۆیەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای گەیشتن بە ژنێڤ لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند کە “هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە” دەدات، جەختی لەوەش کردەوە کە ملکەچی هەڕەشەکانی ئەمریكا نابن.