دەستبەسەرداگرتنى سێوى خراپبوو لە مەرزى کێلێ
سوور و زەرد
لە دەروازەی کێلێ 10 تۆن سێوی خراپبوو دەستى بەسەرداگیرا
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین رایگەیاند، تیمەکانی کەرەنتینەی کشتوکاڵی لە دەروازەی کێلێ دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر سێودا گرتووە و رێگەیان نەداوە بێتە ناو خاکى هەرێمەوە، چونکە شیاوی خواردن نەبووە.
بەپێى راگەیەندراوەکەی کشتوکاڵی راپەڕین، رووداوەکە لە رۆژی 14.2.2026 بووە، پاش ئەوەی پشکنین بۆ بارەکە کراوە، دەرکەوتووە بڕی 10,230 کیلۆگرام (زیاتر لە 10 تەن) سێو تووشی کەڕوو بووە و خراپ بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بە هاوکاریی بنکەی گومرگ و پۆلیس و ئاسایشی دەروازەکە، تەواوی بارە سێوەکە گەڕێنراوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە.
مەرزی کێلێ، دەکەوێتە سنوری قەزای پشدەر لە ئیدارەی ڕاپەڕین و هەرێمی کوردستان بە رۆژهەڵاتی کوردستان (شاری سەردەشت) دەبەستێتەوە.
ئەم دەروازەیە کە بەدووریی 16 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەڵادزێوە، یەکێکە لە خاڵە بازرگانییە گرنگەکانی ناوچەکە و رۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری تێدا ئەنجام دەدرێت.