"پابەند نەبن سزای یاسایی و دارایی دەدرێن"

كۆیە بۆ مانگی رەمەزان شەربەتی دروستکراوی ماڵانی قەدەغە كرد

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی گـشتی تەندروستی کۆیە، چەند رێنماییەكی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان لە مانگی رەمەزاندا بڵاوكردەوە و یەكێك لەو رێنماییانەی كردووەتە بڕیار و شەربەتی دروستكراوی ناوماڵانی قەدەغە كرد.

رێنماییەكان لەلایەن هۆبەی چاودێری تەندروستی داندراون و سزاشی بۆ ئەو كەسانە داناوە كە پابەند نابن.

بەپێی رێنماییەكان، پێویستە هەموو چێشتخانە و خواردنگەکان بە ئاداب و نەریتی کۆمەڵگا و رێنماییە تەندروستیەکان وەک ساڵانی پێشوو، پابەندبن و پێویستیشە سەرجەم ئەو شیرینی و لوقمەقازیانەی بە نایلۆنی شەفاف کە لە بازاڕ و شیرنەمەنیەکاندا دەفرۆشرێت، سەرداپۆشراو بن.

هەموو ئەو شەربەتانەی کە بازاڕ و مارکێتەكاندا هەیە (دروستکراوی خۆماڵین) پێویستە سەرچاوەیان دیار بێت، واتا لە شوێنی ڕێگەپێدراو وەریبگرن و شەربەتی دروستکراوی ماڵان قەدەغەیە.

پێویستە لەسەر هاوڵاتیان دوورکەونەوە لە کڕینی ساردەمەنی و شیرینی لە هەر شوێنێک کە پابەندی ڕێنمایەکان نین و لە کاتی پابەند نەبوونی هەر كاسبكارێكیش لەلایەن لیژنەکانیانەوە دەست بەسەر مەوادەکان دەگیرێت و سزای یاسایی و داریی دەدرێن.