هێمنی ناو مزگەوتەکان دەپارێزرێت
لە هەریر کەس بۆ نییە لە مانگی رەمەزان فەتوا بۆ هاوڵاتیان بدات
964+
فەرهاد حەسەن
یەکێتی زانایانی قەزای هەریر، بۆ ئامادەکارییەکانی مانگی رەمەزان کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و یەكێک لە بڕیارەکانیان ئەوەبوو کە کەس بۆی نییە لە بری لیژنەی باڵا فەتوا بۆ هاوڵاتیان بدات.
بەپێی راگەیەندراوێک یەکێتی زانایانی قەزای هەریر لەگەڵ زۆرێک لە مامۆستایانی ئایینی سنوورەکەی کۆبووەتەوە و باسیان لە ئامادەکارییەکانی هاتنی مانگی رەمەزان کردووە.
سەرپەرشتی و چاودێریکردنی مزگەوتەکان لەلایەن مامۆستای مزگەوتەوە، جەختی لەسەر کرایەوە، کە هەر مامۆستایەک خۆی بەرپرسە لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروباری مزگەوتەکەی، بە شێوەیەک کە شایستەی پیرۆزی و قەدر و رێزی مزگەوت بێت.
جەخت لەسەر خۆ بەدوورگرتن لە فەتوادان لەلایەن تاکەکانەوە کرایەوە، بەوپێیەی لە هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای فەتوای شەرعی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەکان رەچاوی ئەم لیژنە بکەن و فەتوا تەنیا لە رێگەی فەرمییەوە بدرێت، بۆ پاراستنی یەکڕیزی و رێگری لە شێواندنی راستییەکانی ئایین.
کۆبوونەوەکە، پێداگربووە لەسەر پابەندبوون بە هێمنی و خۆڕاگرتن لەناو مزگەوتەکان، بەتایبەتی لەگەڵ منداڵان و سەردانیکاران و بەتەمەنەکان، بۆ ئەوەی مزگەوت هەمیشە جێگەی ئارامی و دڵنیایی بێت نەک شوێنی مشتومڕ و دەنگ بەرزی بێت.