زیاتر لە 400 ساڵ تەمەنیەتی
بناغەی کۆیە بەرەو چۆڵەوانی دەچێت و زۆربەی خانووەکانی رووخاون
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
بناغەی کۆیە بەرەو چۆڵەوانی دەچێت و زۆربەی خانووەکانی رووخاون و لەناوچوون.
گەڕەکی بایزاغا زیاتر لە 400 ساڵ تەمەنیەتی و یەکێکە لەو گەڕەکانەی کە شارەکەی حاجی قادری لەسەر بنیاتنراوە، خانووەکانی لە گەچ و بەرد و قوڕ دروستکراون و بەشێکیان وەک شوێنەوار و کەلەپور تۆمارکراون، ماڵی چەندین شاعیر و خان و کڵێسا لەو گەڕەکەیە.
گەڕەکی بایزاغا 400 بۆ 500 خانووی تێدایە کە بەشێکیان بەتەواوەتی رووخاون ئەوانەشی لەسەرپێ ماون، چۆڵکراون و بەرەوە لەناوچوون دەچن، بەقسەی کاربەدەستانی شارەکە، قەیرانی دارایی رێگرە لە بەردەم نۆژەنکردنەوەیان.
یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپوری کۆیە بە 964ـی وت، “لە کۆیە هەرچوار گەڕەکی (بایزاغا و قەڵات و هەواوان و بەفری قەندی) لە گەڕەکە هەرە کۆنەکانن، زیاتر لە 85 ماڵی کەلەپوریمان لەو گەڕەکانە دەستنیشان کردووە کە دەمانەوێ لانیکەم ئەوان بپارێزین و نۆژەنیان بکەینەوە”.
“پێش رووخانی ئەو خانووە کەلەپوریانە، هەر هەموویانمان لای خۆمان دەکیۆمێنت کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەگەر 100 ساڵی تریش بێت لەسەر هەمان شێوە و پێکهاتەی خۆیان دروستیان بکەینەوە”، یەکێتی واحید وای وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری