ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی "عەبدی و رۆبیۆ" :
“پێویستە سوریا مافی هەموو نەتەوە و ئایینییەکان بپارێزێت”
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كۆبونەوەكەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، جەخت لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ سوریایەکی سەقامگیر دەكاتەوە، دەشڵێت، “پێویستە سوریا مافی هەموو نەتەوە و ئایینییەکان بپارێزێت و لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ دراوسێکانی”.
تۆمی پیگۆت، یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزیری دەرەوە جەختی لە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ سوریایەکی سەقامگیر، کە لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ دراوسێکانی و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، وەزیر روبیۆ پێشوازی لە پابەندبونی حکومەتی سوریا کرد بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش.
وەزارەتی دەرەوە دەشڵێت “وەزیری دەرەوە جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی و ڕێککەوتنی یەکخستنەوە (تێکەڵکردنەوە) لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کردەوە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی رێزگرتنی تەواو و پاراستنی مافەکانی هەموو سورییەکان”.