وەزارەتی دەرەوە
عێراق لە کۆریای باشوور نە باڵەخانەی هەیە و نە فرۆشتوویەتی
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سیئۆل بە “هونەرمەندێکی کۆری” دەکەن.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کۆماری عێراق لە بنەڕەتدا هیچ باڵەخانەیەکی خاوەندارێتی وەک باڵیۆزخانە یان شوێنی نیشتەجێبوون لە کۆریای باشوور نییە. ئەوەی ئێستا هەیە، تەنیا گرێبەستی “کرێ”یە و هاوشێوەی زۆربەی نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکە، عێراق بەپێی رێکارە کارگێڕییەکان شوێنەکەی بە کرێ گرتووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەو هەواڵانەی باس لە فرۆشتنی موڵکی دەوڵەتی عێراق دەکەن، دوورن لە راستی و هیچ بنەمایەکیان نییە.” وەزارەتەکە داوای لە میدیاکان کردووە پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.