سه‌ردانی باڵیۆزی جۆرجیا له عێراق بۆ ژووری بازرگانیی هه‌ولێر
كردنەوەی نووسینگه‌ی بازرگانی
كار بۆ كردنه‌وه‌ی هێڵی فڕۆكه‌وانی له نێوان جۆرجیا و هه‌ولێر ده‌كرێت
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
له سه‌ردانی باڵیۆزی جۆرجیا له عێراق بۆ هه‌ولێر، گفتوگۆ له باره‌ی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی بازرگانیی جۆرجیا و كاراكردنه‌وه‌ی هێڵی فڕۆكه‌وانیی نێوان هه‌ولێر و جۆرجیا كرا.
ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌ولێر رایگه‌یاند، باڵیۆزی جۆرجیا له عێراق ئارچیل دزۆلیاشڤیلی، كه له عه‌ممان نیشته‌جێیه، سه‌ردانی ژووره‌كه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ژوور گه‌یلان حاجی سه‌عید و ئه‌ندامانی ژووره‌كه كۆبووه‌وه.
“هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەسەر چەند پڕۆژەیەکی گرنگ کە دەبنە هۆی بووژانەوەی خێرای ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لەوانە: کردنەوەی نووسینگەی بازرگانی جۆرجیا لە هەولێر و کردنەوەی لقی بانکی بۆ ئاسانکاری لە مامەڵە داراییەکان، هه‌روه‌ها کاراکردن و کردنەوەی هێڵی ئاسمانی راستەوخۆ لە نێوان هەردوولا”، له راگه‌یانداوی ژووری بازرگانیی هه‌ولێردا هاتووه.
سه‌ردانه‌كه رۆژی چوارشه‌ممه 11.2.2026 بووه و تێیدا سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر جەختی لەسەر دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان ژووری هەولێر و ژوورە بازرگانییەکانی جۆرجیا و هاندانی خاوەنکارانی هەردوولا بۆ بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و بۆنە ئابوورییەکان كردووه.
راگه‌یاندنی ژووره‌كه ئاشكرای ده‌كات، سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی هه‌ولێر بانگهێشتی شاندێکی گەورەی جۆرجی بۆ هەرێمی کوردستان كرد، تا لە نزیکەوە ئارامیی هەرێم و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا ببینن.
هه‌روه‌ها هاتووه، “باڵیۆزی جۆرجیا جەختی لە پێویستیی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان کردەوە و رایگەیاند، هەوڵ دەدات یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری هەردوو وڵات واژۆ بکرێت و بازرگانانی وڵاتەکەی بە دەرفەتەکانی کوردستان بناسێنێت، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ هاوکاری هەرێم لەو سێکتەرانەی کە جۆرجیا تێیاندا بەهێزە.