چوار بازرگان بە چوار کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە گیران
کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە خورماتوو ئاشکرا کرا
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە ئۆپراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی ھۆشبەردا گرت لە قەزای خورماتوو.
موراد حسێن بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانی لە خورماتوو بە964ـی وت، “ماوەی سێ مانگە چاودێری چوار کەس دەکەین کە هاتوچۆ و جموجۆڵەکانیان نائاسایی بوو، دواجار دەرکەوت کە بازرگانی ماددەی هۆشبەرن، دووانیان خەڵکی خورماتوو و دووانەکەی دیکەش بیانین”.
“ئەمڕۆ لەناو کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە سەنتەری قەزای خورماتوو دەستگیر کران و چوار کیلۆ ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا”، موراد حسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ڤیدیۆی کارگەکە و دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە لەلایەن ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە بڵاودەکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری