دوو ههزار تورک له ناو چهكداره دهستگیركراوهكانی داعشدان
میدیای توركیا:
دوو ههزار تورک له ناو چهكداره دهستگیركراوهكانی داعشدان
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
راپۆرتە میدیاییەکان له توركیا ئاشكرای دهكهن، لانیکەم دوو هەزار هاوڵاتیی تورک لەنێو ئەو ئەندامانەی داعشدان کە لە زیندانەکانی ههسهده له سوریا بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، ئەمەش لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدایە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە گواستنەوەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنی و دادوەرییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن و ئەنقەرەدا ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە حەوت هەزار دەستگیرکراوی تێدایە. پێدەچێت ژمارەی تورکەکان لە ئامارە فەرمییەکە زیاتر بێت، چونکە هەندێک کەس هەوڵی شاردنەوەی ناسنامەیان داوە، یان زانیاریی چەواشەکارانەیان داوە.
بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەنووس حالی گۆنولتاش لە ماڵپەڕی Kısa Dalga”، ژماردنی سەرەتایی لەسەر بنەمای زانیاریی ناسنامە بووە کە لەلایەن دەستبەسەرکراوەکانی زیندانەکانی سوریاوە پێشکەش کراوە، دواتر بەرپرسانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، وردبینی زیاتریان ئەنجامدا، لەوانە پەنجەمۆر و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە داوای رەگەزنامەی تورکیایان دەکرد، بۆ ئەوەی لیستەکان پێش گواستنەوەی بۆ عێراق یەکلایی بکەنەوە.
زیاتر لە دوو هەزار دەستگیرکراوی داعش گواسترانەوە بۆ عێراق
ئەو لیستانە ناوی ئیلیاس ئایدین لەخۆدەگرێت کە نازناوی “ئەبو عوبەیدە”ی پێدراوە و لە میدیاکاندا بە “ئەمیری ئەستەنبوڵ” لەناو رێکخراوەکەدا ناسراوە. ئهو بە ئاگادارییەکی سووری ئینتەرپۆل داواکراوە بەهۆی تێوەگلانی لە تهقینهوهكانی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە لە 10.10.2015 لەگەڵ هەڵاتووانی دیکەی وەک ئیلهامی بالی، دەنیز بویوک چەلهبی و ئەوانی دیکە کە گومانیان لێدەکرێت بە شێوەیەکی نایاسایی پەڕیبوونهتهوه سوریا.
هاوکات ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەستپێکردنی فەرمیی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی یەکەمین گرووپی ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە زیندانەکانی عێراق راگەیاند، بەڵێنیشان دا کە دادگاییکردنەکان بەپێی چوارچێوەی “یاسایی و مرۆیی” و ستانداردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان ئەنجامبدرێن، لەگەڵ چاوەڕوانی هاتنی نزیکەی پێنج هەزار دەستگیرکراوی دیکە لە سوریاوە لە ماوەی داهاتوودا.
راپۆرتەکان ئاماژە بە لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا و واشنتۆن دەکەن بۆ ئەوەی تۆمەتی “تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “جینۆساید” لە دژی دیارترین کەسایەتییە بەشداربووهكان بخرێتە پاڵ، ههروهها تورکیا و ئەمریکا بەڵێنیان داوە پاڵپشتی هەواڵگری و بەڵگەنامەی پێویست بۆ تەواوکردنی فایلی کەیسەکان پێشکەش بکەن.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەنقەرە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی سەرەتایی لە عێراق، داوای گواستنەوەی هاوڵاتیانی خۆی کردووە کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار کەسە بۆ زیندانەکانی تورکیا، بەمەبەستی تەواوکردنی جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی، کە لە دژی ئهوان دەرکراون یان دووبارە دادگاییکردنیان بەپێی یاسای تورکیا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی فەرمی بۆ داخستنی مەلەفی ئەو هاوڵاتیانەی پەیوەستن بەو رێکخراوە و رێچکەی یاسایی خۆیان پەیڕەو بکەن، تەنانەت دوای گەڕانەوەیان بۆ تورکیا.