نەوزاد شێخ کامیل بۆ 964:

لە مانگی رەمەزان سێ لیژنەی بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکه‌ن

964+

رێباز خدر – هەولێر

ئامادەکارییەکان بۆ چاودێری لە نرخ و کوالێتی کاڵاکان بۆ مانگی ڕەمەزان دەست پێدەکات و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش دەڵێت، هێشتا خەڵکانێک هەن ئیستیغلالی بازاڕ دەکەن بۆیە لەم مانگەدا چاودێرییەکانیان بەردەوام و تووندتر دەکرێت.

ئەمڕۆ لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کۆبونەوەی بریکاری وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو، کە بڕیار درا چەند لێژنەیەک دروست بکرێت بۆ چاودێری کردنی نرخ و کوالێتی کاڵا و شتومەکەکان لە مانگی ڕەمەزان دا.

نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە  964 ی وت، ساڵانە لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان لیژنەکانمان لە هەموو بەرێوەبەرایەتیەکان فراوانتر و دەستکراوەتر دەکەن بۆ ئەوەی چاودێری دوکان و بازاڕ و ماڕکێتەکان بکرێت و دڵنیایی بدرێت بە هاوڵاتیان کە نرخەکان گران نابێت و کاڵاکانیش بە کوالێتیەکی باش و تەندروست دەگاتە دەستیان.

وتیشی “لیژنەکانمان لە سێ کاتی جیاواز چاودێری بازاڕ دەکەن، بەیانیان و دوای نیوەڕۆوان و پارشێوانیش”.

باسی لەوەشکردووە، کە ئەو سزایەی بۆ سەرپێچیکاران داندراوە لە 50 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو پێنج ملیۆن دینار، سزای دووەم داخستنی شوێنەکە لە سێ ڕۆژ تاوەکو 10 ڕۆژ دەبێت و سزای سێیەمیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و دەدرێتە دادگا.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن

بۆ ئەمساڵ حەوت بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیان دابەشکراوە و ...

بۆ ئەمساڵ حەوت بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیان دابەشکراوە و هەشتەمیش دابەشدەکرێت