سێ هەفتەیە
شارەزوور بێ پزیشکى چاوە
+964
بڕوا مەجید- شارەزوور
سێ هەفتە تێپەڕی و هێشتا نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بێ پزیشکی پسپۆڕی چاوە، ئەمەش مامەڵەی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە شارەکە پەکیخستووە و تێچووەکەشی لەسەر هاوڵاتیان زیادکردووە.
دکتۆر شڤان کوردە، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ بە 964ـی وت، “ماوەی چەند هەفتەیەکە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، پزیشکە پسپۆڕەکەی چاو میلاکەکەی گواستراوەتەوە و نەخۆشخانەکەمان بێ پزیشک ماوەتەوە”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، داواکارییان بەرزکردووەتەوە و لە هەوڵدان بۆ هێنانی پزیشکێکی دیکە، تاوەکو هاوڵاتیانی شارەزوور ناچار نەبن بۆ پشکنین بچنە شارەکانی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە محەمەد فەتاح، خاوەنی نووسینگەی “شارەزوور ترافیک” بۆ کاروباری شۆفێری بە 964ـی وت، نەبوونی پزیشکی چاو گرفتێکی گەورەی بۆ دروستکردوون، چونکە هەر کەسێک بۆ مۆڵەت دەرهێنان یان نوێکردنەوە بێت، دەبێت پشکنینی چاوی هەبێت و ئێستا ناچارن بچنە دەرەوەی شارەزوور.
“لە نەخۆشخانەی شارەزوور پشکنین بە سێ هەزار دینار دەکرا، بەڵام ئێستا دەبێت بچنە شارەکانی تر کە تێچووەکەی 10 هەزار و 500 دینارە، جگە لە مەسروفی هاتووچۆکەیان”، محەمەد فەتاح وا دەڵێت
بەوتەی ئەو خاوەن نووسینگەیە، بەشێک لە هاوڵاتیان مامەڵەکانیان راگرتووە و دەڵێن تا پزیشک بۆ شارەزوور دابین نەکرێت ناچنە دەرەوە، هەروەها کێشە بۆ شۆفێرانی ماتۆڕسکیلی دیلیڤەریش دروستبووە، چونکە ئەوانیش پێویستیان بە پشکنینی جەستەیی و چاو هەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح