هۆكار و ئاماژە پێشوەختەكان بزانە
بۆچی پاتری ئۆتۆمبێلی هایبرید دەتەقێتەوە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، وردەکاریی ستراتیژییە تەکنیکییەکانی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان ئاشکرا کرد، هاوکات نیشانە ئاگادارکەرەوەکانی پێش گڕگرتنی پاتریی لیسیۆمی دیاری کرد، كە لە ئۆتۆمبێلە هایبریدەكان بەكاردێت.
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە نەواس سەباح شاکر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، “سووتانی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان ئاستەنگێکی تایبەتە بۆ پیاوانی بەرگریی شارستانی، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییانەی پەیوەستن بە پاتریی لیسیۆمەوە، کە رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت لە سووتان و بەهۆی کارلێکە کیمیاییە ناوخۆییەکانەوە خۆبەخۆ گڕ بگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم ئاگرانە دووکەڵ و هەڵمی ژەهراوی دەردەکەن کە پێویستی بە مامەڵەیەکی ورد هەیە لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی ئەو پاترییانە.”
سەبارەت بە هۆکارەکانی گڕگرتن، شاکر چوار هۆکاری دیاری کردووە: بەرکەوتنی راستەوخۆ و پێکدادان، هەڵەی کارگەیی لە دروستکردندا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، زیادەڕۆیی لە شەحنکردنەوەدا.
ئەو داوای لە شۆفێران کرد ئاگاداری شەش نیشانەی ئاگادارکەرەوە بن کە پێش ئاگرکەوتنەوەکە دەردەکەون:
1-گەرمبوونی نائاسایی لەناو ژووری ئۆتۆمبێلەکەدا.
2. کەمبوونەوەی لەناکاوی خێرایی و تاودانی ئۆتۆمبێلەکە.
3. دابەزینی خێرای ڕێژەی شەحنی پاترییەکە.
4. بیستنی دەنگی تەقەتەق یان جیزەجیز لە لای پاترییەکەوە.
5. بۆنکردنی بۆنی پلاستیکی سووتاو.
6. دەرکەوتنی نامەی ئاگادارکردنەوە لەسەر شاشەی دەشبوڵ.