زانکۆی سلێمانی لە بالەدا یەکەم بوو
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یاری کۆتایی خولی بالەی زانکۆکاکانی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا زانکۆی سلێمانی بە ئەنجامی 3 بە 2 گێم یارییەکەی لە زانکۆی دهۆک بردەوە و بووە پاڵەوان.
پاڵەوانێتییەکە لە رۆژی دووشەممە، 7.3.2023 دەستیپێکرد بە بەشداری هەریەک لە زانکۆکانی دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، چەرمۆ، سۆران، کۆیە و گەرمیان.
ئەو تیمانە لە لایەن کۆلێژی وەرزشی زانکۆی هەڵەبجە میوانداری کرابوون، سەرجەم یارییەکانیش لە یاریگای داخراوی کۆلێژەکە بەڕێوەچوون.
توانا عومەر سەرپەرشتیاری خولەکە بە 964ی وت، “سەرکەوتووانە خولەکە کۆتایی هات و بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان بەڕێوەچوو کە زانکۆی هەڵەبجە میوانداری کرد، لە بەرنامەماندایە بیکەینە خولێکی ساڵانە”.
لە لایەکی دیکە، شاکر مەحمود راهینەری بالەی زانکۆی سلێمانی خۆشیی خۆی لە رێگەی 964 دەربڕی و باسی لەوە کرد، ئەوە سێیەم یاری بووە لەسەریەک بردوویانەتەوە.
964 دەزانێت، هاوکات زانکۆی سۆران پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە.