لە پیرە قوتابخانەیەک
کارەبا و درۆن دەبێتە داهێنان بۆ بیرۆکەی دوو قوتابی
964+
رێباز خدر – هەولێر
رۆژگارەکە وای لێهاتووە، دروستکردنی درۆن و گەیاندنی روناکی بەبێ کەیبڵ، لە قوتابخانەکانیش بەهرەمەند هەبن دروستی بکەن.
محمد و نڤار ئەو دوو قوتابیە بەهرەمەندەن لە قوتابخانەی ئامادەیی کوردستان لە هەولێر دەخوێنن، کە یەکێکیان بیرۆکەی دروست کردنی دڕۆن و ئەوەی تریان گواستنەوەی کارەبا بەبێ کەیبڵ و وایەری داهێناوە.
نڤار غازی قوتابی پۆلی یازدەی ئامادەییە، سەرچاوەی بیرۆکەکەی لە زانای بەناوبانگ نیکۆڵا تێسلای وەرگرتووە، گڵۆپێکی پێیە و بێ ئەوەی وایەر کارەبای پێبگەیەنێ ئەو رووناکی پێ دەدات .
قوتابیەکەی دیکە، درۆنی دروستکردووە، کە توانای فڕینی نزیکەی 40 مەتری هەیە و وەک خۆی دەڵێت، گەر پاڵپشتی و یارمەتی بدرێ دەتوانێت، درۆن باشتر دروست بکات، کە توانا زیاتر لە 1000 مەتری هەبێت بەرزبببێتەوە، تەنانەت بچێت مرۆڤ و شاخەوان لە بەرزاییەکی زۆر بهێنێتەوە.
ئەم دوو قوتابیە گەرچی نمرەیان زۆر بەرز نییە لە وانەکان، بەڵام لە ڕووی زانستیەوە خاوەنی بەهرەیەکی زۆر تایبەتن و کەم وێنەن، ئەم قسەی بەڕێوەبەرەکەیانە، سەلمێنرا حەز و خولیای سەرکەوتن، نمرە نایپێوێت.
ئامادەیی کوردستانی کوڕان، لە ساڵی 1970 دامەزراوە و ژمارەی قوتابیەکانی دەگاتە 1700 قوتابی، یەکێکە لە باشترین قوتابخانەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر لە ڕوی بەدەستهێنانی نمرە و ئاستی توانستی زانستی قوتابی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا