بەڕێوەبەری کەناڵەکە بۆ 964:

“NRT هیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە”

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بەتۆمەتی “رێز نەگرتن لە سیمبولەکانی نیشتمان”، نوسینگەکانی NRT لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆک داخران و بەڕێوەبەری کەناڵەکەش دەڵێت، ئێمە هیچ کارێکی نایاساییمان نەکردووە.

چیا حسێن، بەڕێوەبەری کەناڵی NRT لەبارەی داخستنی نوسینگەکانیان بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “هیچ روونکردنەوەیەکی پێشوەختە بە ئێمە نەدراوە لەبارەی هۆکاری داخستنی نوسینگەکانی کەناڵەکەمان و ئێمەش وەکو هاوڵاتییان لە میدیای دەسەڵاتەوە بینیمان”.

“دوای ئەوەی نوسینگەکانمان لە هەولێر و دهۆک داخران، پارێزگاری هەولێر روونکردنەوەی دا کە گوایە کەناڵی NRT رێزی سیمبولەکانی نیشتمانی نەگرتووە، ئێمە تێناگەین مەبەستیان لە چی بووە، چونکە لە دەرەوەی کاری رۆژنامەوانی هیچ کارێکی نایاساییمان نەکردووە”، چیا حسێن وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان پێیانوایە ئەو بابەتە پەیوەندی بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و فشارێکی سیاسییە دەکرێت.

لەبارەی داخرانی کەناڵەکە لە سەرتاسەری هەرێم بەڕێوبەری NRT دەڵێت، “تا ئێستا لە سلێمانی هیچ نوسراوێکمان پێنەگەیشتووە، کە چۆن مامەڵە دەکرێت و ئایا دادەخرێت یان نا”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

نووسینگەى کەناڵى NRT داخرا

نووسینگەى کەناڵى NRT داخرا