تەقەیان لێکراوە

لە حەسەکە هێرشکراوەتە سەر رەتڵێکی هێزەکانی حکومەتی سوریا

964+

وریا فەتاح

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە کانتۆنی جەزیرە، ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاند، کە رەتڵێکی هێزەکانی ئاسایشى ناوخۆی حکومەتی سوریا لە کاتی چوونە ناو شاری حەسەکە رووبەڕووی تەقەکردن بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ڕێکاری ئەمنی توند گیراوەتەبەر.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی ئاسایش، هێرشەکە لە کاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) روویداوە، کاتێک هێزەکانی ئاسایش سەرقاڵی پاراستنی تێپەڕبوونی رەتڵێکی ئەمنی حکومەتی سوریا بوون بۆ ناو شاری حەسەکە.

“شانە تیرۆریستییەکان بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی پشێوی، راستەوخۆ تەقەیان لە رەتڵەکە کردووە. هێزەکانمان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو شانە تیرۆریستییانە دەستگیرکراون.” ئاسایش وا دەڵێت.

ئاشکراشى کردووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا، ئاسایشێک بریندار بووە و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە، هیچ زیانێکی گیانیش بەر هاوڵاتیانی مەدەنی نەکەوتووە.

لەبەر ئەم هۆیە، هێزەکانی ئاسایش بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەغەی هاتووچۆیان لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندووە، ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی دیکەی شانە نەنێراوەکان.

جەختیشکراوەتەوە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە و ئاسایش جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکاتەوە.

100 ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى سوریا چوونەتە ناو حەسەکە

100 ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى سوریا چوونەتە ناو حەسەکە