روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ:
رێگری لە هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بگاتە کۆبانێ
964+
فەرهاد حەسەن
قەیرانێکی توندی مرۆیی رووی لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کردووە دوای دوو هەفتە لە گەمارۆدانی لەلایەن سوپای عەرەبی سووری، هاوکارییەکانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان هێشتا رێگرییان لێدەکرێت بگەیەنرێنە ئەم شارە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەنجامدانی کۆبوونەوە ئەمنییەکان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی حکومەتی ئینتقالی و بەرپرسانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە لادێکانی کۆبانی و گەیشتن بە چەند لێکتێگەیشتنێک، کەچی گەمارۆ خنکێنەرەکەی سەر ئەم شارە هەر بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخێکی مرۆیی بە خێرایی تێکدەچێت، بەتایبەتی بۆ ئاوارەکان.
سەرچاوەکانی روانگەی سووری، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم کۆبوونەوانە لەنێوان هەردوو ئانجام دەدرێن بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانیان هیچ کاریگەرییەکی کردەییان نەبووە، گەمارۆدانەکە بێ وەستان بەردەوامە و بازاڕەکان نزیکە بەتەواوی بێبەشن لە پێداویستی خۆراک، ئەمەش ئازاری هەزاران هاوڵاتی مەدەنی زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن و لە پەناگەی کاتی لەناو قوتابخانە و مزگەوتەکاندا نیشتەجێن، کە رووبەڕووی کەمییەکی زۆر لە خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە.
باسی لەوەشکردووە، کە رێکخراوە خێرخوازییەکان کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەوڵدەدەن بگەنە کۆبانێ بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە پەلە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە نەیانتوانیوە بچنە ناو کۆبانێەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کەوتووە، تا ئێستا حکومەتی کاتی ڕەزامەندی پێویستی بۆ هاتنە ناوەوەی ئەم هاوکارییە نەداوە، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێکی روون بخاتەڕوو.
لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی، دەنگەکان لە ناوخۆی کۆبانیەوە زیاتر داوای هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆ و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی دەکەن بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو ئاوارانەی کە رووبەڕووی بارودۆخێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیان بوونەتەوە، ئەمەش لە نێوان بێدەنگی فەرمی و بەردەوامی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر حیسابی هاوڵاتیانی مەدەنی.