خەریکە بازەکەى سەرشانى مالکى دەفڕێت
تڕەمپ بە تویتێک عێراقی گەڕاندەوە “خاڵی سفر”
964+
وریا فەتاح
تەنیا یەک تویت لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بەس بوو بۆ ئەوەی تەواوی رێککەوتنە سیاسییەکانی بەغدا هەڵبوەشێتەوە و پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش پەکبخات.
ئێستا سیاسییەکانی عێراق لە گێژاوێکی گەورەدان و هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەک دەدەن بۆ رزگاربوون لە تووڕەیی واشنتن.
شەش رۆژ لەمەوبەر، دۆناڵد تڕەمپ لە تویتێکدا نووسی: “بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بژاردەیەکی خراپە، ئەگەر عێراق سوور بێت لەسەری، هاوکارییان ناکەین و بێ هاوکاری ئێمەش عێراق هیچ دەرفەتێکی سەرکەوتنی نابێت.
کاریگەرى ئەم پەیامە ئەمڕۆ دەرکەوت، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا، چونکە لایەنەکان ترسیان هەیە هەر هەنگاوێک بنێن کە ترەمپ وەک پاڵپشتی بۆ مالیکی لێکی بداتەوە.
بەشێک لە شیعە و سوننەکان ئێستا پێیان وایە دوورخستنەوەی مالیکی تەنیا رێگایە بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا و تورەیى ترەمپ.
کوردیش لە کاریگەرى پەیامەکە بەدەر نییە، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ رایگەیاند: “هیچ رێککەوتنێک لەسەر سەرۆککۆمار نەکراوە، هەڵبژاردنی هەرێم و عێراق دوو شتی جیاوازن”، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کوردیش نایەوێت خۆی تێوەبگلێنێت.
دۆخەکە تەنیا ناوخۆیی نییە، باسوخواسی دوورخستنەوەی مارک ساڤایا و هاتنی “تۆم باراک” وەک کەسێکی توندتر بۆ دۆسیەی عێراق، گوشارەکانی سەر بەغدای زیاتر کردووە.
ئێستا لە ناوەندە میدیاییەکانی عێراقدا نوکتەیەک بڵاوبووەتەوە و دەڵێن: “سەدام حوسێن بە تانک و فڕۆکەی ئەمریکی رووخا، بەڵام مالیکی تەنیا بە تویتێک!”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هێزی تڕەمپ لە گۆڕینی هاوکێشەکان تەنیا بە چەند وشەیەک.
هەرچى خەڵکە، چاویان لە بازاڕى دراوەکەیە، چونکە هەر قسەیەکى ترەمپ لە عێراق، بازاڕى دۆلار و دینار دەشڵەژێنێت.