سەبینێش بەردەوامە
دووەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید لە قەزای رزگاری دەستی بەکارەکانی کرد
964+
فەرهاد حەسەن
لە قەزای رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، کارەکانی دووەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید، دەستیپێکرد، کە یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە هەماهەنگی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی سازیان کردووە.
فێستیڤاڵەکە لەژێر دروشمی “لەهەواری خەمەکاندا دووەمین چرای یادەوەری هەڵدەکەین” بەڕێوەدەچێت و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکەش نووسیویانە “فێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید تەنیا گێڕانەوەی ئازار نییە، بەڵکو جۆرێکە لە بەرگریی کولتووری، دروست لەم کاتەدا سەنگەرگرتن و دادگاییەکیشە بۆ ئەو کڕی و کەڕییەی جیهان کە لە ئاست خوشک و براکانماندا لە رۆژئاوای نیشتمان بێدەنگن”.
بەپێی ئەو پڕۆگرامەی بۆ فێستیڤاڵەکە بڵاوکراوەتەوە ئەمڕۆ 31.1.2026 لە رۆژی یەکەمدا کۆمەڵێک دەقی شیعری لەلایەن شاعیرانەوە خوێندرانەوە، سبەنێش کە رۆژی دووەم و کۆتاییەتی چەند دەقێکی چیرۆک و خەڵاتی رێزلێنان و بەشداربوونیش پێشکەش دەکرێت.