حكومەتی ئەمریكا داخرا
كۆنگرێس بودجەی 2026ی پەسند نەكرد
حكومەتی ئەمریكا دووچاری داخستن بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەی 2026ـی پەسند نەکرد، ئەمڕۆ حکومەتی ئەمریکا داخرا و هەفتەی داهاتوو كۆنگرێس كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بودجەكە پەسند بكات.
ئەمڕۆ شەممە 31.1.2026 دوای رێكنەكەوتنی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی لەسەر بودجەی 2026ی ئەمریكا، حكومەتی ئەمریكا داخرا، بەڵام داخرانەكە هەموو بەشەكانی حكومەت ناگرێتەوە و بەشێك لە دامەزراوەكان دەگرێتەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆنگرێس كۆببێتەوە و هەوڵ بدەن بودجەكە پەسند بكەن، چونكە داخرانی حكومەت، واتا بێكاربوونی بەشێكی خەڵكی وڵاتەكە، لە مانگی 10ی ساڵی رابردووش حكومەتی ئەمریكا دووچاری داخران هات و بە هەزاران كەس بە شێوەیەكی كاتی كارەكانیان لەدەست دا و داخستنەكە 43 رۆژی خایاند.
دیموكراتەكان رەخنەیان لە كۆمارییەكان هەیە، بە تایبەتی دوای كوژرانی دوو خۆپێشاندەر لە ویلایەتی مینیسۆتا، هەروەها لە مامەڵەی دەستەی كۆچ و گومرگ رازی نین، هەر ئەمەش وایكرد لەسەر پەسند كردنی بودجە رێكنەكەون، بە تایبەتییش لە پرسی دابینكردنی پارە بۆ وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆكی ئەمریكا لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو وتی، دیموكراتەكان زیانی دارایی گەورەیان لە وڵاتەكە داوە و خەڵك ئەمەیان لەبیرناچێت.