شەڕ راگیرا
فەرمی؛ دەقی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بڵاوکرایەوە
964+
وریا فەتاح
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتنی کۆتایی و گشتگیری لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕیاری راگرتنی شەڕ و تێکەڵکردنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و کارگێڕییەکان دراوە.
بەپێی دەقی رێککەوتنەکە کە ئەمڕۆ هەینی (30ی کانوونی دووەمی 2026) بڵاوکراوەتەوە، ئەم خاڵانە جێبەجێ دەکرێن:
بواری سەربازی و ئەمنی:
1. راگرتنی تەواوەتی شەڕ و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە هێڵەکانی بەریەککەوتن.
2. تەنیا هێزەکانی “ئاسایشی ناوخۆ”ی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.
3. پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە لە سێ لیوای شەڕڤانانی هەسەدە پێکدێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بە هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب.
بواری کارگێڕی و فەرمانبەران:
1. دامودەزگاکانی “ئیدارەی خۆسەر” تێکەڵی ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دەبن و سەرجەم فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و جێگیر دەکرێن.
مافەکان و ئاوارەکان:
1. یەکلاکردنەوە و جێگیرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد لە سووریا.
2. زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە یەکخستنەوەی خاکی سووریا و یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵات لە ڕێگەی هاوکاری نێوان هەردوولاوە.