ماددەی هۆشبەری کریستاڵ
داتای ساڵی رابردوو راگەیەندرا
دەستگیرکراوانی ماددەی هۆشبەر زۆرینەیان گەنجان بوون
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک توانیویانە هەزار و 708 تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە هەزار و 34 کەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون.
بەپێی ئامارەکان، 46% ئەو کەسانەى دەستگیرکراون تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵدا بووە.
ئەرکان عومەر، ئەفسەر لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.1.2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، هێزە ئەمنییەکان لە ساڵی رابردوودا توانیان هەزار و 708 تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە هەزار و 34 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بووە، هەروەها 674 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.
ئاماژەی بەوەش کرد، دادوەرەکانی لێکۆڵینەوەی ئاسایش دوو هەزار و 354 دۆسیەی یاسایییان یەکلاییکردەوە و رەوانەی دادگا تایبەتمەندەکانیان کرد، کە هەندێک لە تۆمەتباران ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتیان لە سەربووە، لەوانە بازرگانیکردن، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، سەرپێچی هاتوچۆ، توندوتیژی خێزانی و دزیکردن.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، ساڵی رابردوو دەست بەسەر 922 کیلۆ و 963 گرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە، ئەمە جگە لە 12 هەزار و 194 شریتی حەبی ماددەی هۆشبەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هاوکاریی نزیکی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکانی عێراق و بەڕێوبەرایەتی سلێمانی هەیە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا 13 بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
بەپێی ئامارەکان، 46% ئەو کەسانەى دەستگیرکراون تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵدا بووە، هەرەوەها 36%٪ـیان تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵدا بووە، 13%ـیان تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 50 ساڵدا بووە، 1% لە خوار 18ساڵەوە بووە.