وەزیری پەروردە بۆ 964:

“کێشانی ئاڵای کوردستان تاوان نییە و کێشەی قوتابییەکەی کەرکوکمان چارەسەر کرد”

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

کێشەی ئەو قوتابییە کوردەی کەرکوک کە بەهۆی کێشانی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکەی دوورخرابووەوە چارەسەر بوو، وەزیری پەروردەش دەڵێت، کێشانی ئاڵا گوزارشتە لە ناسنامەی نەتەوەیی و “شانازیی پێوە دەکەین”.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی، راستەوخۆ لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک و بنەماڵەی قوتابییەکە، لە ئەنجامدا کێشەکە چارەسەر کراوە.

وتیشی، “ئەو منداڵە هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە، تەنیا ئاڵای کوردستانی دروستکردووە کە ناسنامەی خۆیەتی و بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ وەرگرتنی ئەو قوتابییە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کوردانی کەرکوک لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە و پاشەکشە نەکەن.

ئەم رووداوە دوای ئەوە هات، کە قوتابییەکی کورد لە یەکێک لە قوتابخانە عەرەبییەکانی شاری کەرکووک، لە وانەی هونەردا وێنەی ئاڵای کوردستانی کێشابوو، بەو هۆیەوە لەلایەن ئیدارەی قوتابخانەکەیەوە سزادرابوو و بڕیاری دوورخستنەوەی (فەسڵکردن) بۆ دەرچووبوو. بڵاوبوونەوەی وێنەی ئاڵاکە و بڕیاری سزادانی قوتابییەکە، کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و وەک “پەراوێزخستنی ناسنامەی نەتەوەیی” لەو شارە لێکدرایەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لەسەر کێشانی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانە دەرکرا؛ وەزی...

لەسەر کێشانی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانە دەرکرا؛ وەزیرى پەروەردە لەسەر قوتابییەکە هاتە دەنگ