هەسەدە پەیامی هەیە
“گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و بەرخۆدان چۆڵ مەکەن؛ سەرکەوتن نزیکە”
964+
ژووری هەواڵ
هەسەدە پەیامی هەیە و دەڵێت، ئەگەر گفتوگۆ و دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا ئەنجامی نەبوو، ئەوان پاشەکشێ ناکەن و داوایش لە گەلی کورد دەکەن، شەقام چۆڵ نەکەن.
فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، “هاوڕێکانمان کە لە دیمەشق بوون، گەیشتنەوە رۆژئاوا و ئەگەر دانوستان و گفتوگۆ سەرینەگرت، ئێمە یەک هەنگاویش لە ناوچەکانی خۆمان ناچینە دواوە”.
داوایشی لە هەموو کوردان لە رۆژئاوا و کوردستان و ئەوروپا کرد کە لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان و پاڵپشتی بمێننەوە، چونکە هەڵوێستی گەلی کورد رێڕەوی قۆناغەکە دەگۆڕێت.
“ئەگەر دوژمن هێرشمان بکاتە سەر ئەوا رووبەڕووی دەبینەوە و هەنگاوی گەورە دەنێین، داوا لەگەلەکەمان دەکەین بڕوا بە سیاسەت و میدیای دوژمن نەکەن”، فەرهاد شامی ئەمەشی وت.
بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەشڵێت، دانوستانەکانی دیمەشق بە چاودێری نێودەوڵەتی کراوە و بەمزووانە ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت، ئەم بەرخۆدانە ئەنجامەکەی سەرکەوتنە و دەبێ گەلەکەمان بڕوایان پێی هەبێت.
هەسەدە هۆشداری لە دووبارە هێرشکردنەسەر کۆبانێ دەدات