"ئەمریکا چاوی لە قومارێکی مەترسیدارە"
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان مایک پۆمپیۆ بە توندی رەخنە لە ئیدارەی وڵاتەکەی دەگرێت
964+
فەرهاد حەسەن
وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا چاوی لە قومارێکی مەترسیدارە لە سوریا و پشتكردنە كوردیش لەو وڵاتە لێكەوتەی خراپی لەسەر متمانەی ئەمریكا دەبێت، دەشڵێت، “پێویستە دووبارە سزاكانی سەر سوریا بگەڕێندرێنەوە تاكو دیمەشق گەرەنتی مافی كەمینەكانی وەك كورد، دروز و عەلەویی دەكات”.
مایک پۆمپیۆ، کە لە یەكەم ئیدارەی ترەمپدا وەزیری دەرەوە بوو، لە وتارێكدا كە دوێنێ سێشەممە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردەوەتەوە و دۆخی سوریا بە “زۆر مەترسیدارە و هەڕەشە” ناودەبات بۆ ئەو سەرکەوتنانەی کە ئەمریکا بە زەحمەت لە دژی داعش بەدەستیهێناون.
دەشڵێت “ئەگەر ئەو راپۆرتانە راست بن کە دەڵێن ئەمریکا بەنیازە دوایین هێزەکانی خۆی لە سوریا بکشێنێتەوە، ئەوا واشنتن قومار بە ئاسایشی سەروەت و سامانە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەقامگیری ناوچەیی و سەلامەتی گەلی ئەمریکا دەکات”.
باسی لەوەشکردووە، شکستی سەربازی و سیاسیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە کورد سەرکردایەتی دەکات و هاوپەیمانی ئەمریکایە، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاوە پەرەسەندنێکی پڕ لە مەترسییە، تەنیا مانگێک دوای ئەوەی ئەمریکا ئاسانکارییەکی بەرچاوی لە سزاکاندا بە حکومەتە نوێیەکەی سوریا بەخشی، شەرع بە پاشگەزبونەوە لە بەڵێنەکانی سەبارەت بە میانڕەوی و رێزگرتن لە مافی کەمینەکان لە هەوڵەکانیدا بۆ چەسپاندنی دەسەڵات، وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییەی دایەوە.
مایک پۆمپیۆ نیگەرانە بەوەی دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەت دەستیانبەسەر ئەو ناوچانەدا گرت کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون، باس لەوەدەکرێت ژمارەیەکی نادیار لە ئەندامانی داعش لە زیندانی شەدادی هەڵاتون، ئەوەش ژیانی سەربازانی ئەمریکی و خەڵکی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، ئەم پەرەسەندنانە دەکرێت ببنە هۆی قەیرانێکی گەورە، نەک تەنیا بۆ گروپە کەمینەکانی وەک دروز و کورد، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەسەدە بە قارەمانانە لەبری ئەمریکا شەڕیکرد بۆ یارمەتیدانی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش، کە یەکێک بوو لە دەستکەوتە دیارەکانی یەکەم ئیدارەی ترەمپ، کەچی هێماگەلێکی نیگەرانکەر هەن کە واشنتن نەک هەر خۆی ئامادە دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بەڵکو رەنگە لە پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هەسەدەش پاشگەز ببێتەوە و چارەنوسیان بخاتە دەست حکومەتێکی تاقینەکراوەی سوریا کە بە ئاسانی دەکرێت وەک کاراکتەرێکی خراپ دەربکەوێت.