هەڵوێست محەمەد بۆ رۆژئاوا:

“کوردبوون سحرێکی سەیری هەیە و شەرەفی ئەوان شەرەفی ئێمەیە”

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

یاریی نەورۆز و کوردایەتی هونەرمەندانی کۆکردووەتەوە و هەڵوێست محەمەدیش دەڵێت، ئەوەی شەڕڤانان دەیپارێزن شەرەفی ئێمەیە.

جیاواز لە رۆژانی پێشوو خۆپیشاندەرانی سلێمانی بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوا چوونە ناو یاریگای نەورۆزە تا هاندەری ئەوانیش بن، ئەمە جگە لەوەی داهاتی یارییەکە دەبەخشرێتە لێقەوماوانی رۆژئاوا، هەڵوێست محەمەد، هونەرمەندی دیاری سلێمانی بۆ مایکی 964 وتی، یەکەمجارە بەشداری بکەم، جگە لە پاڵپشتی بۆ رۆژئاوا، مەسەلەی کوردبوون سحرێکی سەیری هەیە و ئەگەر لە هەموو بیروباوەڕێک جیاواز بین، لەوە هەموو یەک دەنگین.

هاوکات لەگەڵ هونەرمەندان گەنجان و پیر و منداڵانیش بەشدارن، کچێک کە هاندەری یانەی نەورۆزە دەڵێت، یانەی نەورۆز هەڵوێستێکی جوانی نیشانداوە بۆ رۆژئاوا و ئەگەر لە توانامدا بوایە بێگومان دەچوومە رۆژئاوا.

هەمووان پێیان وابوو جیلی ئایپاد هەستی نیشتمانیان نەماوە، بەڵام پێچەوانەکەی دەرکەوت و یەک لەو کیژۆڵانەی سەردەمی ئایپاد بۆ مایکی 964 وتی، هاتووین پاڵپشتی یانەی نەورۆز و رۆژئاواش بکەین.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح