وەزارەتى دارایى:
مووچەی مانگی ـ1ی ئەوانەی لە “هەژماری من” نین رادەگیرێت
964+
وریا فەتاح
بەشداربووانى “هەژمارى من” زیاتر لە یەک ملیۆن موچەخۆرى تێپەڕاندووە و بۆ ئەم مانگە نزیکەى 700 هەزار موچەخۆر، لە رێگەى “هەژمارى من”ـەوە موچە وەردەگرن.
دوێنێ دووشەممە 26.1.2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری توند درا و ئاماری نوێی پڕۆژەکە ئاشکرا کرا.
وەزارەتى دارایى و ئابورى بلاوى کردەوە، پڕۆژەی هەژماری من ریکۆردی نوێی تۆمار کردووە و تا ئێستا زیاتر لە 1,000,000 فەرمانبەر و مووچەخۆر تێیدا تۆمار کراون. بۆ مووچەی ئەم مانگەش (مانگی 1)، نزیکەی 700,000 مووچەخۆر لە ڕێگەی کارتەوە پارەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی هۆشدارییەکی توندی دایە فەرمانبەران و رایگەیاند؛ مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە رادەگیرێت کە تا ئێستا ناوی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار نەکردووە، یان کارتەکانیان چاپ کراوە و نەچوونەتە شوێنی دیاریکراو بۆ وەرگرتنەوەی.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کێشەی بانکەکان، بەتایبەت بانکی بازرگانی عێراقی (TBI). وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە (TBI) کێشەی تەکنیکی بەردەوام، کەمیی ئامێری ATM لە قەزا و ناحیەکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندی هەیە. بەو هۆیەوە بڕیاردرا ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە بوون، بە ئارەزوومەندانە بگوازرێنەوە بۆ بانکێکی تری ناو پڕۆژەکە. هەروەها هەر بانکێک پابەند نەبێت و ئامێری پێویست دابین نەکات، لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە.
سەبارەت بە توێژەکانی تریش، ئاماژە بەوە کرا کە لە کۆی 455,000 خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان، تا ئێستا 438,000ـیان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و 354,000ـیان بە فەرمی تۆمار کراون. هاوکات پڕۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیارانیش دەستیپێکردووە تا شایستە داراییەکانیان لە ڕێگەی کارتەوە وەربگرن.