سەرەڕای دانی قەرزەکانیان 40 کاتژمێرە بێ کارەبان
بەشداربووانی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەڕەکێکی هەولێر لە تاریکیدا دەژین
964+
ژووری هەواڵ
لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە هەولێر روویان لە دابەزینە، بەشێک لە هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی سەرەڕای ئەوەی قەرزەکانیان بە شێوازی ئۆنڵاین پاککردووەتەوە، بەڵام تووشی گرفتی پچڕانی کارەباکانیان بوونەتەوە.
عەبدولباری ساڵح، یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەی رووناکی لە شاری هەولێر، چیرۆکی بڕانی کارەبای ماڵەکەی بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی رۆژی یەکشەممە 25.1.2026، بەهۆی نەدانی پارەی دوو مانگی کارەبا، لەلایەن دایرەی کارەباوە کارەباکەیان بڕدراوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، لە هەمان رۆژ و لە کاتژمێر 6:40 خولەکی ئێوارە، قەرزی کارەباکەی بە شێوازی ئۆنڵاین داوە و بەڵێنی ئەوەیان پێداوە کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بەشێوازێکی تۆماتیکی کارەباکەی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کە 27.1.2026 و نزیکەی 40 کاتژمێر بەسەر پارەدانەکەدا تێپەڕیوە، هێشتا ماڵەکەی لە تاریکیدایە.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت “پەیوەندیم بە بەشی چاککردنەوەی کارەبای گەڕەکەکەوە کردووە، بەڵام وەڵامەکەیان تەنیا ئەوە بوو کە دەبێت سەردانی دائیرە بکەم و هیچیان لە دەست نایەت، هۆشداری ئەوەشیان پێدراوم کە هەر کارمەندێک دەستکاری سرکێت بکات، فەرمانی دەرکردنی لە کارەکەی بۆ دەردەچێت”.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو هاوڵاتییە کە لە کارمەندانی دایرەکەوە دەستی کەوتووە، ئەمە تەنیا کێشەی ئەو نییە، بەڵکو رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان بەهەمان هۆکار پەیوەندی دەکەن، کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە سیستەمی کارەباکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەبای ئەو ماڵانە دەداتەوە کە پارەیان داوە و دەبێت هاوڵاتییان چاوەڕێ بکەن تا سیستەمەکە خۆی بڕیاری گەڕانەوەی کارەباکە دەدات، ئەمەش لەم سەرما و سۆڵەیەی زستاندا بارگرانییەکی زۆری بۆ ماڵان دروست کردووە.
لە پەیوەندییەکدا سەنتەری هاوکاری لە پڕۆژەی رووناکی بە 964 ی وت، ئەوانەی ئەم کێشەیەیان هەیە دوای بڕینی کارەباکەیان قەرزەکانیان داوە، بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە، پێویستە سەردانی بەشی فرۆشتن بکەن بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی کارەباکەیان.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە، پڕۆژەی رووناکی وەک هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە هەولێر دەستیپێکردووە، بەڵام سستی لە سیستەمی ئەلیکترۆنی و نەبوونی دەسەڵاتی کارمەندان بۆ چارەسەری خێرا، نیگەرانی لای بەشداربووان دروست کردووە.