٪20 ی ماوە
عێراق بڕیاریدا دیوارە كۆنكرێتییەکەی سەر سنووری لەگەڵ سوریا تەواو بکرێت
964+
فەرهاد حەسەن
تاوەکو ئێستا، دیوارە كۆنكرێتییەکەی سەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریا بە ڕێژەی 80% کارەکانی تەواوکراوە بەڵال فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریداوە دیوارەکە بە یەکجاری تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دووپاتیكردەوە، فەرماندەی گشتی رێنمایی تەواوكردنی دیوارە كۆنكرێتییەكەی لەگەڵ سوریا داوە، كە گەیشتووەتە 80% تەواوبوون، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ئەو توخمانەی داعش كە لە سوریاوە دێن لەلایەن عێراقەوە بە تۆمەتی تیرۆر داواكراون، لە زیندانە قەڵادارەكاندا دادەنرێن.
نوعمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دیوارە كۆنكرێتییەكە بە كامێرای گەرمی تەیار كراوە، فەرماندەی گشتیش بە شێوەیەكی شەخسی پشكنینی شریتی سنووری و قەڵاكانی ئێستای كردووە، ئەم دیوارە كۆنكرێتییە یەكێكە لە سێ بەربەستی سەرەكی كە سنووری عێراق و سوریا جیادەكاتەوە، جگە لە تەلی دڕكاوی و خەندەقێك.
دووپاتیشی كردەوە، سنوورەكانی عێراق بەتەواوەتی پارێزراون، نەك تەنیا لەگەڵ سوریا بەڵكو لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ، ئاماژەی بەوەشدا كە دۆخی ئەمنی ناوازە و ناسەقامگیری سوریا پێویستی بە گرنگیدانێكی زیاتر بە ئاسایشی سنووری عێراق و سوریا هەبوو.