ئەحمەد شەرع وەڵام دەداتەوە
بۆچی “دەنیز”تان لە باڵەخانەکە فڕێدایە خوارەوە؟
964+
فەرهاد حەسەن
چیرۆکی فڕێدانە خوارەوەی کچە شەرڤانە گیانبەختکردووەکەی رۆژئاوای کوردستان لە باڵەخانەیەکی شاری حەسەکە لەلایەن چەکدارێکی سوپای عەرەبی سوری بە چەند شێوازێک باسکراوە، بەڵام ئەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا باسیدەکات جیاوازە.
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 19.1.2026 لەکاتی دانوستان و گفتوگۆی ئەنجامدانی ئاگربەست کە لەنێوانی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی و تۆم باراک لە دیمەشق ئەنجامدرا، مەزڵوم عەبدی لە سەرۆکی سوریای پرسیوە؛
“چۆن دەتوانین هێزەکانمان تێکەڵی سوپای سوریا بکەین، لە کاتێکدا ئێوە کچە شەڕڤانێکی ئێمە بەناوی «دەنیز عەفرین»تان لە دوای شەهیدکردن لە باڵەخانەکە خستە خوارەوە و چەکدارەکانیشتان ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە؟.
ئەحمەد شەرع: ئەو کچە قەناس بەدەست بوو، ئینجا لەناو باڵەخانەکەدا قادرمە و پەیژە نەبوو تاوەکو تەرمەکەی بێننە خوارەوە، بۆیە چەکدارەکەمان ئەو کچەی فڕیدایە خوارەوە.
مەزڵوم عەبدی (بەسەرسوڕمانەوە): واتە لە هەر شوێنێک کە نەتانتوانی تەرمێک بێننە خوارەوە، لە باڵەخانەیەکەوە تەرمەکەی فڕێدەدەن و لەخوارەوەش ڤیدیۆی دەگرن؟!
ئینجا مەزڵوم عەبدی، روودەکاتە وەرگێڕەکەی “تۆم باراک” نێردەی تایبەتی ئەمریکا و پێی دەڵێت: ئەم گفتوگۆیە وەکو خۆی بۆ مستەر باراک وەربگێڕە.
ئەم گفتوگۆیەی سەرەوە، لەلایەن کامەران عوسمان، نوێنەری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـى ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، کە چەند رۆژێکە لە رۆژئاوای کوردستانە، بە 964 ی وت، ئەم گفتوگۆیە ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی دیمەشق بۆی گێڕاوەتەوە.