جێرێمی کۆربین
جێرێمی كۆربین بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا:
“كورد 40 ملیۆن كەسن و پێویستە بەریتانیا پشتگیرییان بكات”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی بەریتانیا جێرێمی کۆربین، نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی نووسیوە و دەڵێت، گەلی کورد نزیکەی 40 ملیۆن کەسن و گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن، ئێستا کاتی ئەوەیە مافی خۆیان وەربگرن.
هەروەها لە نامەكەیدا دەڵێت، “دەبێت بەریتانیا پشتگیرییان بکات”.
کۆربین لە ساڵی 1983ـوە پەرلەمانتاری بەریتانیایە و بەوە ناسراوە دۆستێکی دەنگ دلێری كورد و قسە رۆیشتووە.
دەقی نامەكەی جێرێمی كۆربین بەم جۆرەیە:
بەڕێز وەزیری دەرەوە
ئەم نامەیە دەنووسم بۆ ئەوەی سەرنجتان رابکێشم بۆ بارودۆخی قورس و ناڕەحەتی گەلی کورد لە سوریا.
دڵنیام ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە باس لە دووبارە هەڵگیرسانی شەڕ لە سوریا دەکەن، تەنیا یەک رۆژ دوای گەیشتن بە رێککەوتنی راگرتنی شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەم ئاگربەستە دوای ئەوە هات کە هێزە کوردییەکان لە دوو گەڕەکی حەلەب کرانە دەرەوە و 155 هەزار کەسی سڤیلیش ئاوارە بوون، هەر تێکچوونێکی زیاتری بارودۆخەکە دەبێتە هۆکاری مردن و ماڵوێرانی و دەربەدەربوونی زیاتر.
ئەو بازنەی هەڵبژاردنەی من لێوەی هاتووم، رەوەندێکی زۆری کوردی لێیە، بەشێکیان پەیوەندییان پێوە کردووم و زۆر نیگەرانن لە سەختتربوونی بارودۆخەکە، سەرەڕای مەترسی ئەم بارودۆخەش، کەچی هێشتا میدیاکانمان وەک پێویست رووماڵی ئێش و ئازاری گەلی کورد ناکەن لە سوریا.
ئەو هێرشە سەربازییەی هێزەکانی حکومەتی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا ئەنجامیان داوە، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و پێشێلکردنی مافی کەمایەتییەکانی هێناوەتە ئاراوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەترسی خۆیان دەربڕیوە لەسەر رەشبگیری و رفاندن و لە سێدارەدان لە دەرەوەی دادگا و تۆڵەسەندنەوە لە کەسانی سڤیل و هێرشکردنە سەر ژێرخانی سڤیل.
گەلی کورد لە مێژە لە دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی بێبەش کراوە، ژمارەی کوردەکان بە نزیکەی 40 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، ئەوان گەورەترین گرووپی نەژادی بێ دەوڵەتن، وەک دەزانن من ماوەیەکی درێژ پشتیوانی مافی گەلی کورد بووم لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و دیموکراتی و ئازادی، زۆر گرنگە هەموومان پاڵپشتی مافی گەلی کورد بین لە سوریا و عێراق و ئێران و تورکیا و لە هەموو ناوچەکانی دیکە، بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
بۆیە من ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم بۆ ئەوەی بپرسم ئاخۆ حکومەتەکەتان ئەم کارانە دەکات:
– پاڵپشتی دانوستانێکی سەرتاسەی لە نێوان دەسەڵاتی سوریاو نوێنەرانی کورد کە بەهۆیەوە دەستبەجێ شەڕ بوەستێت.
– داوای رێوشوێنی روون و پێویست بۆ پاراستنی مافی کەمایەتییەکان، گەرەنتی ئەوە بکرێت کاری تۆڵەسەندەنەوە و دەربەدەرکردن روونەدات.
– داوای ئەوە بکرێت لە دەستووردا دان بە شوناسی کوردیدا بنرێت مافی زمان و ناوچەی خۆ بەڕێوەبردنیان پێ بدرێت.
– پاڵپشتی چاودێرییەکی بێلایەنانە بۆ رێوشوێنەکانی وەستانی شەڕو تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
دوای 10 ساڵ لە شەڕ، هەموو سورییەکان مافی خۆیانە بە ئاشتی بژین، لەسەر حکومەتی بەریتانیا پێویستە رێگری بکات لە کوشتنی خەڵک و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها پاڵپشتی رێکەوتنێکی ئاشتیانە بکات بە پشت بەستن بە دادپەروەری و هاوسەنگی و بەشداری سیاسی.
رێزی بێ پایانم
![]()
![]()