کانیاوەکان ژیاونەتەوە
ئاوی خواردنەوە لەکۆیە ئەوەندە زۆر بووە کێشەی بۆ تۆڕەکانی دابەشکردن دروست کردووە
964+
دەریا ئەحمەد -کۆیە
زۆربوونی ئاوی خواردنەوە و کەمتر بەکارهێنانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە کۆیە وایکردووە لە نزیک کتێبخانەی گشتی شارەکە گرفت بۆ تۆری ئاوەکە دروستبکات، بەرێوەبەری ئاویش دەڵێت، ژیانەوەی کانیاوەکان و فشاری زۆربوونی ئاو ئەم لێچونە درووست دەکات.
هۆگر کەیفی بەرێوەبەری ئاوی کۆیە بە 964ـی وت، لەم شوێنە پێویستیان بەستنەوەی بۆریەکی ئاسن و پلاستیک بەیەکەوە هەیە و زۆربوونی ئاو و ساردی و گەرمیش وادەکات فشار لە قەفیزی بۆریەکە دەکات و توشی لێچونی دەکات.
وتیشی “ژیانەوەی کانیاوەکانی حەمامۆک و بەستنەوەی بە تۆری ئاوی ناو شارەکەوە وایکردووە ئاوی خواردنەوە لە پێویستی هاوڵاتیان زیاتربێت و بەمشێوەیەش فشار لەسەر تۆڕەکە دروست دەکات”.
بەقاەی بەڕێوەبەری ئاو، چەندجارێک ئەو لێچوونەیان چاککردووەتەوە بەڵام دووبارە دەبێتەوە و ئێستاش پەیوەندی بە تیمەکانەوە دەکەن بۆ چارەسەر کردنی.
ئاوی خواردنەوەی قەزای کۆیە لە هەردوو وێستگەی تەقتەق و بۆگد لەسەر زێی بچوکەوە بۆ کۆیە دابین دەکرێت، بەڵام لە ئێستادا ژیانەوەی کانیاوەکانی حەمامۆک بۆتە سەرچاوەیەکی تری ئاوی خواردنەوەی شارەکە و وایکردووە لە پێویستی هاوڵاتیان زیاتر بێت.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن