" گەورەترین نەتەوەى بێ دەوڵەتن"
جێرمی کۆربین بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: کوردانی سوریا بپارێزن
964+
وریا فەتاح
جێرمی کۆربین، ئەندامی پەرلەمان و سەرکردەی پێشووی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، نامەیەکی بەپەلەی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و داوای لێکرد حکومەتی بەریتانیا بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی مافی کوردان لە سوریا دەستبەجێ بێتە دەنگ.
کۆربین لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی هێرشە سەربازییەکان و هەماهەنگی نێوان سوریا و تورکیا، زیاتر لە 155,000 مەدەنی ئاوارە بوون و مەترسیی گەورەی “کۆمەڵکوژی و رفاندن” لەسەر کوردان هەیە.
داوا دەکات بەریتانیا فشار بکات بۆ ئەوەی لە دەستووری سوریادا، ناسنامەی کورد، زمانەکەیان و “خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆییان” بە فەرمی بناسرێت.
دەشڵێت: پێویستە میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست و دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پێکبهێنرێت.
“کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە جیهاندا (نزیکەی 40 ملیۆن کەس) و کاتی ئەوە هاتووە مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان لە سوریا، عێراق، ئێران و تورکیا بە فەرمی بناسرێت”، جێرمی کۆربین وا دەڵێت.
کۆربین لە کۆتایی نامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە نابێت بەریتانیا تەنیا تەماشاچی بێت، بەڵکو دەبێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ ڕێگری لە لەدەستدانی زیاتری ژیانی خەڵکی مەدەنی و چەسپاندنی دادپەروەری.